هاووڵاتییەكی كوردی توركیە بە تەقەی هێزەكانی حكوومەتی ئێران بریندار كرا

14:55 - 15 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی خەڵكی توركیە لەسەر سنووری ئێران ـ توركیە دراوەتە بەر دەستڕێژی هێزەكانی نیشتەجێی بنكەیەكی نیزامیی حكوومەتی ئێران و بە توندی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی 14ی رەزبەری ساڵی 1391ی هەتاوی هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی كوردستانی توركیە بەناوی \"هەقی بالا\" كوڕی رەشید و خەڵكی گوندی \"پاگەنگ\" لە كوردستانی توركیە لەناو ماشینەكەی خۆی لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران لەسەر سنووری تەقەی لێكراوە و بە توندی بریندار بووە.

دوای ئەو رووداوە تەرمی ئەو هاووڵاتییە بە برینداری براوەتە نەخۆشخانەی شارۆچكەی \"گەوڤەڕ\" لە كوردستانی توركیە.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا جیالە تەقە كردن و كوشتنی هاووڵاتییان و كۆڵبەرانی كوردی ئێران بەدەستی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران چەندین هاووڵاتیی كوردی خەڵكی هەرێمی كوردستان و كوردستانی توركیەش بەهۆی تەقەی هێزەكانی حكوومەتی ئێرانەوە بوونەتە قوربانی.