هاووڵاتییەكی كورد لە جادەی مەریوان ـ سنە بە تەقەی هێزی ئینتزامی كوژرا

14:53 - 27 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی مەریوان لەسەر جادەی مەریوان ـ سنە و لە نێوان دوو گوندی شوێشە و نگڵ كەوتۆتە بەر دەستڕێژی هێزی ئینتزامی و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییەكی كورد بەناوی موختار ئەمینی خەڵكی گوندی \"چۆڕ\"ی سەر بە شاری مەریوان، رۆژی شەممە رێكەوتی 24ی پووشپەڕ لەسەر جادی مەریوان سنە و لە نێوان دوو گوندی \"شوێشە و نگڵ\" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و بەو هۆیەوە گیانەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە لەناو ماشینێكی بارهەڵگردا بووە و هەتا ئێستا لەمەڕ هۆكاری تەقە لێكردنی لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

ناو بەناو و لەناو جادەكان و بەتایبەت بازگەكانی پشكنین لە ناوچە كوردنشینەكانی هاووڵاتییانی كورد دەكەونە بەر دەستڕێژی هێزە نیزامییەكان و بێ‌ هۆ گیانیان لێ‌ دەستێنن.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391ەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و لەناو جادە و لە كوێستان و گوندەكانی 14 هاووڵاتیی كورد بەدەستی هێزە نیزامییەكانی حكووومەتی ئیسلامیی ئێران كوژراون.

ئەم ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاترە.