هاووڵاتییەكی كورد دوای120 رۆژ گیران، چارەنووسی ناڕوونە

14:15 - 3 بانەمەڕ 2712
كوردپا: حوسێن كەمانگەر هاووڵاتیی شاری كامیاران كە نزیك بە 4 مانگ لەمەوبەر لە گوندی\"شێروانە\"‌ی سەر بەو شارە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراوە، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بنەماڵەی ئەو دەستبەسەر كراوە دوای چەندین جار سەردانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات پێیان رادەگەیەنن، كە حوسێن كەمانگەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری كرماشانەوە دەستبەسەر كراوە و براوەتە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری روانسەر.

دوای هاتوچۆی بەردەوامی كەس و كاری ئەو زیندانییە كوردە لە ئەنجامدا لێپرسراوانی ئەمنیەتیی شاری روانسەر پێیان رادەگەیەنن كە حوسێن كەمانگەر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری كرماشان راگوێزراوە.

كەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی كردەوە، لە حاڵی حازردا حوسێن كەمانگەر لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە رەوانەی زیندانی دیزڵ ئابادی كرماشان كراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە مانگی خاكەلێوەی 1391‌ی هەتاوییەوە جیا لەو كەسانەی كە گیراون و لەلایەن دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوكمیان پێدراوە، 15 هاووڵاتیی دیكە لە كوردستانی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون كە هەتا ئێستا حوكمیان یەكلایی نەكراوەتەوە و چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ رێژەی راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.