هاووڵاتییەكی كورد بە دستڕێژی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت لە ئاگردا سووتا

14:55 - 2 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: رۆژی رابردوو هاووڵاتییەكی خەڵكی سەلاسی باوەجانی، پاش دەستڕێژی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت بۆ سەر ماشینەكەی، لە ئاگردا سووتا و گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 1ی مانگی گەلاوێژ هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"سابیر خوون سیاوەشان\" خەڵكی شەهرەكی تازئاوای سەلاسی باوەجانی لە حاڵێكدا بە ماشینی هەڵگری سووتەمەنیەوە لە حاڵی حەرەكەتدا بووە لە نزیك گوندێكی ناوچەی \"شێخ سەڵە\" كەوتۆتە بەر دەستڕێژی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت و لەناو گڕی ئاگردا گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە بە ماشینی سایپا سەرقاڵی گواستنەوەی نەوت بووە كە كەوتۆتە بەر هێرشی هێزە نیزامییەكانی حكومەتی ئیسلامیی ئێران.

شایەتحاڵان بە هەواڵنێری كوردپایان راگەیاندووە ئەو هاووڵاتییە كوردە بە ماشینكەی و سەدان لیتر نەوتەوە لە ئاگردا سووتاوە.

سابیر خوون سیاوەشان خێزاندارە و سێ‌ منداڵی هەیە و لەو رێگایەوە بژیوی بنەماڵەكەی دابین كردووە.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 16 هاووڵاتیی كورد بەهۆی دەستڕێژی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەناو جادەكان و شوێنی نیشتەجێ‌ بوون بە شێوەی جیاواز گیانیان لەدەست داوە.