هاووڵاتییەكی مەهابادی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كرا

13:41 - 11 رەشەمه 2713
ئاژانسی كوردپا: هێزەكانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد هاووڵاتییەكەی ناوچەی \"شاروێران\"‌یان دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیاریان راگواستووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەك بەناوی \"دیاكۆ رەسووڵزادە\" تەمەن ٢٢ ساڵ، كوڕی ساڵح، لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار هێزە ئەمنیەتییەكان چوونەتە ئاوایی \"دریاز\"، شوێنی نیشتەجێ‌بوونی \"دیاكۆ\" و بە هۆكارێكی ناڕوون لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو ماوەی ٥ رۆژە ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر كراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەكەی هیچ زانیارییەكیان لە هۆكاری دەستبەسەر كردن و شوێنی راگیرانی رۆڵەكەیان وەرنەگرتووە.

لەدرێژەی رەوتی دەستبەسەركردنی هاووڵاتیانی كوردا لە یەك حەفتەی رابردوودا تەنیا لەشاری روانسەر ٧ هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراون.

دەوترێت، كەلە كۆی گشتیی ئەو ٧ هاووڵاتییە شەش كەسەیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێكی كوردی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران قۆڵبەست كراون و بۆ زیندانی ئەمنیەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان گوازراونەتەوە.