هاووڵاتییەكی دیكەی كورد بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت گیانی لێ‌ ئەستێنرا

20:27 - 8 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: رۆژی هەینی لەسەر جادەی میاندواو ـ مەهاباد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت بۆ سەر ماشینی كاسبكارێك هاووڵاتییەكی خەڵكی مەهاباد گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی رێكەوتی 7ی رەزبەر هاووڵاتییەكی كورد بەناوی رامین پیر كوڕی سیامەند و تەمەن 20 ساڵ و خەڵكی شاری مەهاباد و دانیشتووی گەڕەكی \"تەپەی قازی\" لەسەر جادەی میاندواو ـ مەهاباد كەوتۆتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت و گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار و نزیك لەو رووداوە بە هەواڵنێری كوردپا لە مەهابادی راگەیاندووە ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی بە ماشین سەرقاڵی کاسبی بووە ، رۆژی هەینی تەرمی ئەو هاووڵاتییە رادەستی بنەماڵەكەی كراوە و بە خاك سپێردراوە.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە زانیاریی زیاتر لەم بارەوە بە ئاژانسی كوردپا نەگەیشتووە.

لە ئەگەری گەیشتنی زانیاری و هەواڵی ورد لەم پێوەندییەدا بە كوردپا، بڵاو دەكرێنەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە ماوەی 6 مانگی رابردووە هەتا ئێستا 50 كۆڵبەری كورد لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران كوژراو و بریندار كراون.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە 24 كۆڵبەری كورد كوژراون و 26‌ی دیكەش بریندار بوون.