هاووڵاتییەكی دیكەی عەرەبی ئەهواز لەژێر ئەشكەنجە گیانی لەدەست دا

13:57 - 19 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: بە وتەی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز، جەمیل سویدی بەنی‌تەرەف هاووڵاتییەكی عەرەبی ئەهواز بەهۆی ئەشكەنجەی هێزە ئەمنیەتییەكان لە ناوەندە ئەمنیەتییەكان گیانی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز كە بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە، هاووڵاتییەكی عەرەب بەناوی \"جەمیل سویدی بەنی تەرەف\" تەمەن 45 ساڵ و خەڵكی ناوچەی \"لەشكرئاباد\"ی ئەهواز كە نزیك بە یەك مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كرابوو، لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی ئەشكەنجەی هێزە ئەمنیەتییەكان لەناو یەكێك لە گرتنگەكانی ئەهواز گیانی لەدەست داوە.

جەمیل سویدی كرێكاری كارگەیەكی جۆشكاری بووە و بە وتەی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز هەتا ئێستا هۆكاری دەستبەسەر كرانی رانەگەیەنراوە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە كوژراوە لە ماوەی نزیك بە یەك مانگی رابردوودا چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەكانی حكوومەتیان كردبوو، بەڵام هیچ وەڵامێكیان پێ نەدراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز تەرمی جەمیل سویدی بە رێكەوت لەلایەن یەكێك لە ئاشناكانیانەوە لە ساردخانەی پزیشك قانوونی بینراوە و بنەماڵەكەی لێی ئاگادار كردۆتەوە و هەتا ئێستا تەرمەكەی رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە و هەوڵی بنەماڵەكەی بۆ هۆكاری دەستبەسەر كران و كوژرانی هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

پێشتریش شەش چالاكی سیاسیی عەرەبی ئەهواز بەناوەكانی: \"غبیان عوبەیداوی لە شارۆچكەی حەمیدیە، محەممەد چلداوی لە ئەهواز، رەزا موغامسی لە دیزفوول، محەممەد كەعبی لە دیزفوول و ناسر ئالبوشوكە و عەلیڕەزا غوبەیشاوی\" لە عەشیرەی خەڵیفە لەژێر ئەشكەنجە لەناو زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەكانی شاری ئەهواز و دەورووبەری گیانیان لەدەست دا.