ئاشخانە؛ ئەمیرحسین ئەفرا، کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانبار، بە بەندکران، قامچی و پێبژاردنی نەختی سزا درا
١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ «ئەمیرحسین ئەفرا»، لاوی کوردی کرمانجی خەڵکی «ئاشخانە»ی سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور کە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای سزاکانەوە بە ١٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو، ٧٤ قامچی و ٦٤٥ میلیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی سزا دراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «ئەمیرحسین ئەفرا» لەکاتێکدا کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری نەکردووە و لە شەپۆلی دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵی خەڵک لە دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای سزادانی شاری ئاشخانەوە بە تۆمەتەکانی «تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی» و «سەرپێچی لە فەرمانی مەئمووران و تێکهەڵچوون لەگەڵیان» بە ١٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو، ٧٤ قامچی و ٦٤٥ میلیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی سزا دراوە.
دادگاییکردنەکەی بە بێ بوونی خۆی بەڕێوە چووە و ئەم حوکمە لە سەرەتای گەلاوێژی ١٤٠٥دا بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەندراوە. ناوبراو ئێستا ناڕەزایەتیی خۆی لەسەر ئەم حوکمە دەربڕیوە.
«ئەمیرحسین ئەفرا» لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، لە دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە شەپۆلی دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵی هاووڵاتییاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو پاش حەفتەیەک لە دەسبەسەرکرانی، بە بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە سەرجەم ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.