گۆران خزری و بەختیار ئەمینی؛ برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سەر سنووری هەنگەژاڵی بانه بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان و تەقینەوەی مین

13:45 - 15 گەلاوێژ 2726

١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەری خەڵکی بانه بە ناوەکانی «گۆران خزری» و «بەختیار ئەمینی»، کە خێزاندارن و خەڵکی گوندەکانی «نێزەڕۆ» و «دەوسێنە»ن، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان و تەقینەوەی مین لەسەر سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانه بەسەختی بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانه گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردپا، ئێوارەی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، دەوروبەری کاتژمێر ١٠ی شەو، «گۆران خزری»، کۆڵبەری خەڵکی گوندی «نێزەڕۆ»ی بانه، خێزاندار و باوکی کچێک، لەسەر سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانه بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە سەربازییەکان ڕانی بەسەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانه گوازراوەتەوە.

هەروەها بە وتەی سەرچاوەیەکی دیکە بۆ کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «بەختیار ئەمینی»، کۆڵبەری خەڵکی گوندی «دەوسێنە»ی سەر بە بانه، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ، بەهۆی تەقینەوەی مین لەسەر سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانه لاقی بەسەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانه گوازراوەتەوە.

وێنە: بەختیار ئەمینی