مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سامان خوسرەوی، هاوڕێ پەروازە و سارۆ ڕەوشەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی نادیار

13:49 - 15 گەلاوێژ 2726

بەرەبەیانیی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی «سامان خوسرەوی» کوڕی عومەر، «هاوڕێ پەروازە» کوڕی عەبدوڵڵا و «سارۆ ڕەوشەنی» کوڕی شەوکەت، خەڵکی گوندی «نێ»ی سەر بە مەریوان، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردپا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەم سێ هاووڵاتییەیان لە ماڵەکانیاندا دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: هێزە ئەمنییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە بە چەندین ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «نێ».

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.