هاووڵاتییەكی دیكەی عەرەبی ئەهواز دەستبەسەر كرا

13:28 - 7 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا هاووڵاتییەكی دیكەی عەرەبی ئەهواز لەناو ماڵەكەی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كرا.

بەپێی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز \"جەبا عەبیات\" كوڕی حوسێن تەمەن 38 ساڵ و خێزاندار رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 4ی خەزەڵوەر لەناو ماڵەكەی خۆی لە شاری حەمیدیە هەڵكەوتوو لە 25 كیلۆمیتریی شاری ئەهواز لەلایەن هێزە ئیتتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كراوە.

بەپێی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز هاوكات لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان، ناوچە عەرەب نشینەكانی پارێزگای خووزستان بەهۆی جێگیربوونی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانەوە دۆخێكی ئەمنیەتییان بە خۆوە گرتووە.

پێشتر دوو لاوی دیكەی عەرەبی ئەهواز بەناوەكانی عەلی سەیاحی كوڕی عودە تەمەن 27 ساڵ و خێزاندار و عەبوود مەنبووهی كوڕی سبهان تەمەن 32 ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران.

لە درێژەی كەش و دۆخی نائایاسی و ئەمنیەتیی ناوچە عەرەب نشینەكانی ئەهواز، شەوی هەینیی رابردوو لە شارەكی ئەهواز هەڵكەوتوو لە باشووری ئەو شارە هاووڵاتییەكی عەرەبی ئەهواز بەبێ‌هۆ لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە درایە بەر دەستڕێژ و بریندار كرا.