هاووڵاتییەكی خەڵكی ورمێ‌ بە تەقەی هێزی ئینتزامیی حكوومەت بریندار بوو

19:28 - 18 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی ناوچەی \"سۆما\"ی سەر بە شاری ورمێ‌ لەناو جادە كەوتۆتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و بە توندی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"مەهدی كووهی\" كوڕی كەرەم و خەڵكی گوندی \"پیرانجغ\"ی سەر بە ناوچەی سۆمای سەر بە شاری ورمێ‌ لە كاتی لێخوڕنی ماشین لەناو جادە لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتەوە تەقەی لێكراوە و بە توندی بریندار كراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە كە هەتا ئێستا هۆكاری تەقە كران و بریندار كردنی لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە روون نەبۆتەوە و هیچ بار و كەلوپەلێكیشی پێ‌ نەبووە و تەقەی لێكراوە و ماشینەكەشی بە تەواوەتی سووتاوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی بەهۆی قووڵیی برینەكەیەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری ورمێ‌ گوێزراوەتەوە و رەوشی تەندروستیی نالەبارە و بەشێك لە جەستەی سووتاوە.

برایەكی دیكەی ئەو هاووڵاتییە كوردە بەناوی داوود كووهی ساڵی پار بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران \"نخاع\"ی پچڕاوە و ئیفلیج بووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٩ هاووڵاتیی کورد لەناو جادەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەیان لێکراوە و بوونەتە قوربانی.

لە کۆی ئەو رێژەیە ١٩ هاووڵاتی کوژراون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.