هاووڵاتییەكی خەڵكی مەهاباد بە 2 ساڵ زیندان حوكم درا

19:53 - 13 بانەمەڕ 2712
كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی مەهاباد لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئازەربایجانی رۆژئاواوە بە 2 ساڵ زیندان حوكم درا و بۆ تێپەڕاندنی حوكمەكەی رەوانەی زیندانی شاری مەهاباد كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی مەهاباد بەناوی مەحموود هورمزئازەر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازربایجانی رۆژئاوە بە 2 ساڵ زیندانی حوكم دراوە.

هەواڵنێری كوردپا لە مەهاباد رایگەیاندووە، مەحموود هورمزئازەر پێشتر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بەتاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەركراوە و دواتر رەوانەی دادسەرای مەهاباد و پاشان بەدانانی وەسیقە بۆ ماوەی كاتی هەتا كاتی دادگایی ئازاد كرابوو.

یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی مەحموود هورمزئازەر لە لێدوانێكی تایبەت بە ئاژانسی كوردپا وێڕای پشت راست كردنەوەی ئەم هەواڵە وتی:\" من و مەحموود و چەند كەسی دیكە بە تاوانی چالاكیی سیاسی یەك حەفتە پێش نەورۆزی ساڵی 1390ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر كراین و پاش گواستنەوەمان بۆ دادسەرای مەهاباد من بە دانانی وەسیقەی 30 میلیۆن تەمن و مەحموود هورمزئازەریش بە دانانی 10 میلیۆن تمەن وەسیقە بە شێوەی كاتی ئازاد كراین\".

ئەو شایەتحاڵە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەش كرد مەحموود لە دادگای سەرەتاییدا لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە دوو ساڵ حوكمی تەعزیری بۆِ بڕاویەوە.

ئەندامی بنەماڵەی ئەو زیندانیە سیاسییە وتیشی: \"سەرەڕای ئەوەی كە ناڕەزایەتیی بەو حومكە دەربڕی، بەڵام لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاواوە 2 ساڵ زیندانییەكەی بۆ پەسند كراو و پاش چەند رۆژ بۆ تێپەڕاندنی حوكمەكەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی مەهاباد كراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391ەوە لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران نزیك بە 30 هاووڵاتیی كورد بە تاوانی جۆراوجۆر دەستبەسەر كراون.

تاوانی زۆربەی ئەو دەستبەسەر كراوانە چالاكیی سیاسی و فەرهەنگی راگەیەنراوە.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان رێژەی راستەقینەوەی گیراوەكان لەو ئامارە زیاترە.