هاووڵاتییەكی خەڵكی سنە دوای نزیك بە 8 مانگ گیران، هێشتا چارەنووسی نادیارە

20:09 - 6 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی خەڵكی شارەدێی \"شوێشە\"ی سەر بە شاری سنە كە نزیك بە 8 مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەر كرابوو، هێشتا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەلی محەممەدی کوڕی محەممەد تەمەن 35 ساڵ و خێزاندار و خەڵكی شارەدەێی \"شوێشە\"ی سەر بە شاری سنە نزیك بە هەشت مانگ لەمەوبەر لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای شاری سنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار و نزیك لە بنەماڵەی ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند سەرەڕای ئەوەی كە بنەماڵە و كەسوكاری سەردانی ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەكانی حكوومەتییان كردووە، بەڵام هیچ هەواڵ و زانیارییەكیان لەبارەی چارنووس و شوێنی راگرتنی \"عەلی محەممەدی\"یەوە پێنەداون.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كردووە كە عەلی محەممەدی بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردیی ئۆپۆزیسۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراوە.