هاووڵاتییەکی ئیلامی بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا

11:24 - 4 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی ئیلام، هاووڵاتییەکی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد و هەروەها لە چالاکیی میدیایی قەدەغە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی ئیلامی بە ناوی "ئەحمەد شاهد" کوڕی "ڕەزا"، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و نابێ چالاکیی میدیایی هەبێت.

دادگای ئینقلابی ئیلام، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، ئەو حوکمەی بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەرپرسی بەشی زانیاری گەیاندنی یەکێک لە پایگاکانی بەسیج بووە و لەسەر کارەکەی دەرکراوە.

ئەو هاووڵاتییە، ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "دانی زانیاریی نەهێنی بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵ پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.