هاووڵاتییەکی یارسانی نزیکەی ٤٥ ڕۆژ پاش دەسبەسەربوونی، چارەنووسی ناڕوونە

13:32 - 25 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی یارسانی کورد، خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو، کە ماوەی ٤٤ ڕۆژە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە شاری کرماشان دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی یارسانی کورد، خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو، کە لە نائارامییەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی کوردستان و ئێران لە شاری کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتییەوە دەستبەسەر کرابوو، چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی، بە ناوی \"فەرزاد ڕۆستەمی\" کوڕی خەمان ڕاگەیەندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە یارسانییە، ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار، لە شاری کرماشان دەسبەسەر کراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەدواداچوون و هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتیی، بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان ‌بێئاکام بوو و هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا ئێستا لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵە یارسانییە خۆیان بواردووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان هۆشداریان بەو بنەماڵەیە داوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕاگەیندنەکان باسی دەسبەسەرکردنی کوڕەکەیان بکەن، دەنا لەگەڵ کێشە قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.