هاووڵاتییەکی یارسانی ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپا
ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕێبەندان، لقی ٢٤ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، هاووڵاتییەکی یارسانی بە ناوی "پەیام بێدروود"، تەمەن ٤٠ ساڵ و دانیشتووی زەنجانی بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.
لقی ٢٤ی دادگای ئینقلابی تاران، ئەو هاووڵاتییە یارسانییەی بە بەشداریی بەردەوام لە "کۆبوونەوە نایاساییەکان و پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.
یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە یارسانییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "پەیام بێدروود سەرەتای مانگی سەرماوەز بەهۆی بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر دەسبەسەر و کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا بوو".
هەروەها زیادی کرد: "دووبارە لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە نزیکان و هاوڕێیانی یارسانی لە ڕێوڕەسمی چلەی پووریا بەختیاری یارسانی بەشداریی کردبوو کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە".
"پەیام بێدروود" سەرەتا بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین و لە ڕۆژانی دواییدا بۆ ئەندەرزگای ئەو زیندانە ڕاگوێزرا.