هاووڵاتییەکی گوندی دزڵی: راهیانی نوور منداڵانی گوندەکەمان بۆ ناونووسی لە بەسیج هان ئەدەن + وێنــە

15:59 - 9 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی بەسیج و سپای پاسداران لە ماوەی ٢ مانگی رابردوودا بۆ دووەمین جار چوونەتە گوندی دزڵی و منداڵانی ئەو گوندە بەرەو مەزهەبی شیعە و ناونووسی لە بەسیجدا هان ئەدەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە دانیشتوانی گوندی دزڵی، هەموو رۆژێک زیاتر لە ١٠ ئوتووبووس لە ئەندامانی سپای پاسداران لەژێر ناوی کاروانی راهیانی نوور، دەچنە حسەینیەی گوندی \"دزڵی\"ی سەربە شاری سەوڵاوا و رۆژانە وێنەی پاسدار و پوستێری تایبەت بە بەسیج، بە سەر هاووڵاتییاندا بڵاو دەکەنەوە.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گوندە، کاروانی راهیانی نوور چەندین جار \"کتێبی تایبەت بە مەزهەبی شیعە، شەربەت و شیرینی\"یان بەسەر هاووڵاتییاندا بڵاو کردۆتەوە کە ئەمەش ناڕەزایەتیی لاوانی ئەو گوندەی لێکەوتۆتەوەو پێشیان پێگیراوە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا و لە دەستپێکی مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا، دەستەیەکی دیکە لە کاروانی راهیانی نوور روویان لە گوندی دزڵی کردبوو، کە بۆ ماوەی چەندین رۆژ لە حسەینیەی ئەو گوندە مابوونەوە.

گوندی دزڵی یەکێک لە ناوچەکانی شەڕی ئێران و ئێراق بووە و هەروەها خامنەیی رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨دا سەردانی ئەو گوندەی کردبوو کە بەو هۆیەوە گوندی\" دزڵی\" بۆ زیارەتکەرانی راهیانی نوور و هێزەکانی سپای پاسداران وەک شوێنێکی پیرۆز سەیر دەکرێت.

ئەم کردەوەیەی \"راهیانی نوور\" لە حاڵێک دایە کە سەرجەم دانیشتوانی گوندی دزڵی \"سوننی مەزهەب\"ـن و ئەمەش ناڕەزایەتی و نیگەرانیی دانیشتوانی ئەو گوندەی لێکەوتۆتەوە.
\"14984.jpg\"

\"14983.jpg\"