هاووڵاتییەکی کەرەجی لە سەرپێڵ زەهاو دەسبەسەر کرا

10:31 - 27 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کەرەجی و دانیشتووی کرماشان، لە خاڵی پشکنینی سەرەپێڵ ‌زەهاو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، "کەیوان کوتی"، هاووڵاتیی کەرەجی و دانیشتووی کرماشان، لە خاڵی پشکنینی سەرپێڵ ‌‌زەهاو، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی "کەیوان کوتی"، بە هاوڕێکەیان ڕاگەیاندووە کە دەتوانی ڕۆژی سێشەممە بە پسولە  پارە (فیش حقوقی) سەردانی دادگوستەریی کرماشان بکەن و بەدواداچوون بۆ ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە بکەن.

بەدواداچوونی بنەماڵەی "کوتی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بۆیان دەرکەوتوو کە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە ڕەوانەی دادگوستەری نەکراوە و دواتر ڕوون بووەتەوە کە ناوبراو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشاندایە.

دەوترێت، پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، هێزە ئەمنیەتییەکان چەند جارێک سەردانی بنەماڵەی کوتیـ"ـیان لە کەرەج کردووە و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، لەژێر چاوەدێریدایە.

"کەیوان کوتی"، ماوەی دوو ساڵە بەهۆی کارەکەیەوە لە کرماشان نیشتەجێیە.