هاووڵاتییەکی کورد ڕەوانەی زیندانی شاری بۆکان کرا

14:08 - 1 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە شاری بۆکان بە مەبەستی کێشانی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی گرتووخانەی ناوەندی ئەو شارە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عوسمان قادری ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستگیر و دواتر بە شەش مانگ زیندانی حوکم درا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ئەوەی دادگایی کرابوو، لە سەر بڕیاری دەزگای قەزاییەکان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

عوسمان قادری هەنووکە لە زیندانی ناوەندی شاری بۆکاندا ماوەی شەش مانگ حوکمەکەی تێپەڕ دەکات. دەوترێت کە قادری بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران دەستگیر کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە زیندانییەکی سیاسی کورد بە ناوی حەسەن مەردانی خەڵکی شاری بۆکان کە دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ شاری کەهنووج لە پارێزگای کرمان دوور خرابوویەوە، ماوەی دوورخرانەوەکەی تەواو بووە و گەڕاوەتە زێدی خۆی.

حەسەن مەردانی هاوشێوەی عوسمان قادری بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستگیر و حوکمی دوورخرانەوەی بۆ برابوویەوە.