هاووڵاتییەکی کورد پاش ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:32 - 25 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆ، پاش ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەریی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای سەیدولشوهەدای شاری ورمێ، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، کورش عەزیزی، کوڕی محەممەدئەمین پاش ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەریی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

یەکێک لە نزیکانی کوورش عەزیزی، بە هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای سەیدولشوهەدای ورمێ، بۆ زیندانی شاری شنۆ ڕاگوێزراوە و ئەمڕۆش بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ، \"کورش عەزیزی\" کوڕی محەممەدئەمین، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ئاموزای حاسڵ عەزیزی، زیندانیی سیاسیی کوردە، کە پاش ئازادبوونی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی پەڕیوەی یەکێک لە وڵاتە دراوسێیەکانی ئێران بووە.