هاووڵاتییەکی کورد پاش دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا

16:14 - 13 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری کرماشان پاش دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی \"عەلی عەزیزی\" خەڵکی شاری کرماشان پاش دیپۆرت کردنەوە لە دانمارکەوە بۆ ئێران دەسبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ٩٤ی هەتاوی لە وڵاتی دانمارک وەکوو پەناخواز، داوای پەنابەری کردبوو و پاش رەت کردنەوەی داواکارییەکەی، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕ، دیپۆرتی ئێران کرایەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دیپۆرت کردنەوە بۆ ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کرماشان گوازراوەتەوە.

عەلی عەزیزی لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری کرماشانەوە لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی ڕۆحی دراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی هێزە ئیتلاعاتییەکاندایە.