هاووڵاتییەکی کورد پاش حەوتوویەک دەسبەسەریی، لە ئیتلاعاتی مەهاباد ئازاد کرا

15:08 - 14 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: باوکی چالاکێکی سیاسی، کە حەوتووی ڕابردوو لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، دەسبەسەر کرابوو، بە دەست و سەر شکاوی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی \"محەممەد محەممەدی\" پاش حەوتوویەک لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ئازاد کرا.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات، کە ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تاوانی خۆڕادەست نەکردنی کوڕەکەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە دەکرێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دیاکۆ محەممەدی ساڵی پار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت دەسبەسەر کرابوو، پاش ٦ مانگ زیندانی بوون، بە دانی گرێو ئازاد کرا.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، دیاکۆ محەممەدی لە ترسی هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش ئازاد بوونی لە زیندان هەڵاتووە و هەتا ئێستا بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێکیان لە سەری نییە.

بە وتەی ئەو سەڕچاوەیە، هێزەکانی ئیتلاعات پاش بانگهێشت کردن و دەسبەسەر کردنی محەممەد محەممەدی باوکی دیاکۆ بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو پاش حەوتوویەک بە سەر و دەست شکاوی ناوبراویان ئازاد کردووە.

دەگوترێ، بنەماڵەی محەممەدی ماوەی چەند مانگێکە هیچ ئاگاداریەکیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نییە و تەنانەت ئیتلاعات هەڕەشەی لەو بنەماڵەیە بۆ ڕادەست کردنی کوڕەکەیان کردووە و لە پەیوەندییەدا دەستیان بە سەر دووکانی ئەو بنەماڵەیەدا کە دووکانی قاڵی فرۆشییە، گرتووە.