هاووڵاتییەکی کورد پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا

17:52 - 25 بەفرانبار 2720

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەنوەر چالشی"، خەڵکی گوندی "لۆرزنە" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، شەش ڕۆژ پێش، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی "ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

"ئەنوەر چالشی"، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەز، وێڕای دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "کامیل جەباروەند"، خەڵکی گوندی "چریاوا" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ و هەروەها "مووسا ئالووسی"، خەڵکی گوندی "وەلندە " سەر بە بەخشی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "کامیل جەباروەند" هەتا ئێستا لە گرتنگەی "ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ لەژێر لێپرسینەوەدایە و لەم دواییانەدا "مووسا ئالووسی" بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کراوە.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، قەرارگای حەمزە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانـ"ـی دابووە پاڵ ناوبراوان.