هاووڵاتییەکی کورد پاش بانگهێشتکردن بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە دەسبەسەر کرا

20:54 - 28 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سنە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگهێشت و دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"فاڕوق ڕۆستەمی\" کوری فەرج خەڵکی گوندی \"بۆڕیەر\" سەر بە ناوچەی \"ژاوەرۆ\"، پاش بانگهێشتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"باقر ڕۆستەمی\" تەمەن ٤٧ ساڵ کوڕی فەرەج، خەڵکی گوندی \"تەوریوەر\" سەر بە ناوچەی \"ژاوەرۆ\"ی شاری سنە و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

هەنووکە ئەو دوو برایە لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکانن و بنەماڵەی ڕۆستەمی بە نیسبەت چارەنووسی کوڕەکانیان نیگەرانیان دەربڕیوە.