هاووڵاتییەکی کورد ناڕەزایەتی بەرانبەر بە حوکمی دادگای سەرەتایی دەربڕی

21:05 - 15 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی شاری شنۆ کە بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی ئەردەبیل مەحکوم کراوە، ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم حوکمەی دادگا دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتیەکی کورد بە ناوی \"سدیق عەینی\" تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی گوندی \"سینگان\"ی سەر بە شاری شنۆ، کە لە لقی یەکی دادگای نیزامیی پارێزگای ورمێ دادگایی کرابوو، بە ١٠ ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی ئەردەبیل حوکم کرابوو، ناڕەزایەتی بە حوکمە دەربڕی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پەیوەندیەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی پێداچوونەوە ناردراوەتە دیوانی باڵای وڵات و لە ئێستادا لە ژێر پێداچوونەوە دایە.

هەروەها ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتیە کوردە لە ناو سپای شنۆ، گوردانی ٣١٠ سەرقاڵی خزمەتی سەربازی بووە کە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٦ بە تۆمەتی \"سیخوڕی بە سوودی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حكومەتی ئێران و هاوکاری لە ڕووخاندنی حوکمەت\"دا دەسبەسەر کرا.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند: سدیق عەینی لە لقی یەکی دادگای نیزامیی پارێزگای ورمێ محاکمە کراوە و هەیئەتی لق پێكهاتوو لە \"سەید ئیبراهیم خەلیل حسێنی\" بەرپرسی دادگا، \"ڕەزا سەمیمی\" دادڕەسی دادگا، \"ئیسماعیل بزرکاری\" ڕاوێژکاری دادگا و پارێزەرییەکەی لە ئەستۆی \"حسێن نوری\" دابووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە؛ دادگای نیزامی بە پشتبەستن بە بەندی ئەلف، مادەی ٢٤ یاسای سزادانی تاوانی هێزە چەکدارەکان و بە لە بەرچاوگرتنی ماددەی ٢٨٤، ٢٨٣، ٢٨٢ و ٢٨٥ لە یاسای سزادانی ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی١٣٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی ئەردەبیل سزادراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتی دادگایی کردنی \"سدیق عەینی\" سپای پاسداران دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی کردووە و لە لاپەڕەی ١٤٤ تا ١٥٠ دۆسیەی ئەو هاووڵاتیەدا، سپا تۆمەتی ناڕاستی داوەتە پاڵی.