هاووڵاتییەکی کورد ماوەی ٧٧ ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسی ئیتلاعات ڕاگیراوە

20:02 - 4 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەریوان، ماوەی ٧٧ ڕۆژە لە ژووی تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، :هووشیار کەسرایی\" تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی ڕەشید خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان ماوەی ٧٧ ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لێپرسینەوەی هێزە ئیتلاعاتییەکان لەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" درێژەی هەیە و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا لە بوونی پارێزەر بێبەری بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەگەڵ هاوووڵاتییەکی دیکە‌ی کورد بە ناوی \"وریا فەرجی\" تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی عەبدوڵلا دەسبەسەر کرا.

وریا فەرەجی، پاش ٣٤ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە دانانی وەسیقە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.