هاووڵاتییەکی کورد لەگەڵ مەترسیی دیپۆرت کردنەوە بۆ ئێران بەرەوڕوویە

21:20 - 16 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو کە لە وڵاتی دانمارک پەناخوازە، لەگەڵ مەترسیی دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران بەرەوڕوویە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"کەریم محەممەدی\" تەمەن ٥٣ ساڵ خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو لە لایەن وەزارەتی کاروباری پەناخوازەکانی وڵاتی دانمارکەوە بۆ کەمپە داخراوەکان گوازرایەوە و مەترسیی دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران هەڕەشە لە گیانی ناوبراو دەکات.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران بووە، ساڵی ٩١ی هەتاوی بە هۆی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتی دانمارک کردووە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: \"داوای پەنابەری ئەو هاوووڵاتییە کوردە لە لایەن وەزارەتی کاروباری پەنابەران ڕەت کراوەتەوە و ناوبراویان بۆ کەمپە داخراوەکان گواستووەتەوە\".

نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە هۆشداریان داوە لە ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی کەریم محەممەدی بۆ ئێران، لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە گیانی ئەو هاووڵاتییە کوردە دەکەوێتە مەترسیەوە.

ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئێران نیگەرانی لای بنەماڵە و کەسوکاری دروست کردووە.