هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن چەند کەسێکەوە ئاگری تێبەر درا

15:00 - 3 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: سەرلە ئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ بەفرانبار هاووڵاتییەکی کورد لە گەڕەکێکی شاری جوانڕۆ بە ماشێنەکەیەوە سووتێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"یاسر حوسێنی\" کوڕی تۆفیق، لەلایەن ٢ ماتۆڕ سوارەوە بە بیانووی بەرز بوونی دەنگی گۆرانی و مۆسیقای ماشێنەکەی، لەبەر دەرکەی ماڵەکەی خۆی لە شاری جوانڕۆ بەنزینیان بەسەر خۆی و ماشینەکەیدا کردووە و ئاگریان تێبەر داوە.

شایەتحاڵیک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"یاسر حوسێنی\" لەلایەن ٢ کەسی سەلەفییەوە ئاگری تێبەر دراوە کە پاش گەیشتنی هاووڵاتییان بۆ شوێنی رووداوەکە ئەو ٢ کەسە هەڵهاتبوون.

ئەو شایەتحاڵە راشیگەیاند: یاسر حوسێنی بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان کراوە و بارودۆخی تەندروستی ناجێگیر راگەیەنراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ماشێنی ئەو هاووڵاتییە لە ئەنجامی ئەو ئاگر تێبەردانەدا بە تەواوەتی لەناو چووە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا ٢ کەسی دیکەی سەلەفی بە ناوەکانی \"مەهدی ئەسغەرزادە\" و \"ناسێح مروەتی\" لە شاری جوانڕۆ دەستیان دابووە ئازار و ئەزیەتی کەسانی جیابیری خۆیان و لە قوتابخانەیەکی کچانەی ئەو شارە ماوەی چەند کاتژمێر قسەیان بۆ کچە قوتابییەکان کردبوو.