هاووڵاتییەکی کورد لەزیندانی ورمێ لەسێدارە درا

14:16 - 1 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی نەغەدە لە زیندانی شاری ورمێ، لەلایەن رێکخراوی زیندانەکانی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی یووسف مەعرووفی، خەڵکی گوندی (قەرە قەساب)ی نەغەدە، پاش ٦ ساڵ راگیران لە زیندانی ورمێ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردان لەسێدارە درا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، یووسف مەعرووفی خێزاندار و باوکی منداڵێکش بووە، کە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، یووسف مەعرووفی پاش ئەوەی ساڵی ١٣٨٧ دەستبەسەر کرا حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە، بەڵام دواتر ئەو حوکمە بۆ لەسێدارەدان گۆڕانی بەسەردا هات و سەرئەنجام حوکمەکەی لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کراو و تەرمەکەشی رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا ئێستا (لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا)، ١١ زیندانیی کورد لە زیندانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون و ٦ هاووڵاتیی کوردی دیکەش حوکمی لەسێدارە دانیان بۆ بڕاوەتەوە، کە سێ کەسیان چالاکی سوننی مەزهەبی کوردن.

هەروەها بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی دوومانگی رابردوودا ١٧ کەسی دیکەش لە زیندانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەسێدارە دراون، کە هەتا ئێستا شوناسیان بۆ ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە.

ئەو ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە رەوتی نهێنیی لەسێدارەدانی زیندانیان لە نێو زیندانەکانی وڵاتـی ئێران، دەکرێ ئاماری راستەینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.