هاووڵاتییەکی کورد لەزیندانی سەقز لەسێدارە درا

16:03 - 5 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، بە ئامادەبوونی بەرپرسی دادگای ئینقلاب و دادستانیی شاری سەقز لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز لەسێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٥ی خەرمانان، لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز حوکمی لەسیدارە دانی کەسێک بەناوی \"نەوید فەتحی\" جێبەجێ کرا.

ئەو زینداییە، بە تاوانی \"کوشتنی ئەنقەست\" حوکمی سێدارەی بۆ بڕابوویەوە، کە بەهۆی ئەوەی بنەماڵەی کوژراوەکە رەزامەندیی لەگەڵ بەخشین و ئازادکرانی ناوبراو دەرنەبڕیبوو، لەسێدارە دراوە.

دەگوترێت، نەویەد فەتحی پێشتر بە مەبەستی بەرێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدانەکەی، دوو جار بردراوەتە بەر پەتی سێدارە.

هەروەها رۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەیەش لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خەڵکی گوندی (دارابخان)ی کرماشان، بەناوی هادی پاڵانی، کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوپۆلییەکی خۆی کوشتبوو، پاش سێ ساڵ راگیران لە زیندان، لەسێدارە درا.