هاووڵاتییەکی کورد لەبەرچاوی خەڵک، لەسێدارە درا

14:52 - 2 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئیلام سزای ئێعدامی زیندانییەکی کوردیان لە گۆڕەپانی ئەم شارە جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ٢ی بەفرانبار، زیندانییەکی کورد لەچوارڕێیانی ناسراو بە \"مقاومت\"ـی شاری ئیلام، لەسێدارە درا.

ئەو سزایە بەشێوەی گشتی و لەبەرچاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو کەسەی دوو ساڵ لەمەوبەر بە چەند حاڵەتی تاوان وەکوو دەستدرێژی بۆسەر عونف، تۆمەتبار کردبوو.

\"\"هەواڵنێریی ئیسنا بەبێ ناوهێنانی ئەو کەسە، ڕاپۆرتی لەبارەی جێبەجێ کرانی سزاکە بڵاوکردووەتەوە.

لەکاتێکدا ئەو ڕاگەیاندنە بانگەشەی \"پێشوازی\" و \"ڕەزایەتی\" خەڵک لەو حوکمەی کردووە، بەڵام وێنە بڵاوکراوەکان پێچەوانەی ئەوە دەسلمێنن.

ئەو سزایەی دەزگای دادی ئێران هاوکاتە لەگەڵ بڕیارنامەی ڕۆژی ڕابردووی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە \"هەڵپەساردنی سزای لەسێدارە\" لە جیهاندا.

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و دەروونناسانی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە خەسارەکانی ئەو شێوە لە حوکم و سزا هۆشداری دەدەن.

جێبەجێکرانی سزای ئیعدام لەبەرچاوی خەڵک، لە دنیادا زۆر دەگمەنە و تەنیا دوو وڵاتی ئێران و عەرەبستان ئەو شێوازەیان لە دەزگای دادوەرییدا جێ کردووەتەوە.