هاووڵاتییەکی کورد لە کرماشان دەسبەسەر کرا

21:53 - 12 رەشەمه 2719

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عوبەید عزیزنژاد"، خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کرماشانییە بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی هەتا ئێستا بێئاکام بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان "عوبەید عزیزنژاد"یان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کرماشانییە لەبەر دەستدا نییە.