هاووڵاتییەکی کورد لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان دەسبەسەر کرا

11:56 - 3 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئارەش محەممەدی"، کوڕی "ئەحمەد"، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "نجێ" سەر بە سنە، لە کاتی گەڕانەوەی لە هەێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان لە سنووری باشماخ دەسبەسەر کردووە و دواتر ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "ئارەش محەممەدی لە شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان خەریکی کرێکاری بووە".

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاونوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئارەش محەممەدی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.