هاووڵاتییەکی کورد لە کاتی \"کۆکردنەوەی مازوو\"دا، درایە بەر دەسڕێژیی گولـلە

14:48 - 28 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، هاووڵاتییەکی کوردیان لە کاتی کۆکردنەوەی \"مازوو\"، دایە بە دەسڕێژیی گولـلە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سدیق عەلیخانی\"، کوڕی \"مەحموود\"، دانیشتووی گوندی \"گوێزڵیـ\"ـی ناوچەی ئالانی سەردەشت، لە نێوان زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی \"بێژوێ و گوێزڵی\"، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، تەقەی لێکرا.

\"\"ئەو هاووڵاتییە کوردە کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی ڕووی لەو ناوچەیە کردبوو، لەو ڕووداوەدا لاقی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراوە.

سەرچاوە خۆجێییەکانی ناوچەی سەردەشت، ناڕەزایەتییان سەبارەت بەو هەوڵەی هێزە نیزامییەکانەوە دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە: \"هێزە ئینتزامییەکان ڕاستییەکان ببینن و لە نزیکەوە چاوەدێریی ڕووداوەکە بکەن، بەڕاستی بزانن شوێنی ڕووداوەکە سنوورە یان زەویی کشتوکاڵی. هێزە نیزامییەکان بە بیانووی شتومەکی قاچاخ تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن\".

\"سدیق عەلیخانی\"، هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشتدا خەوێندراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.