هاووڵاتییەکی کورد لە پیرانشار پاش ١٠ رۆژ لە گیرانی چارەنووسی نادیارە

12:51 - 8 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد بەناوی رەحمان ئیسماعیلی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشارەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای دەستبەسەر کرانی رەحمان ئیسماعیلی، رێکەوتی ٢ی سەرماوەز باوکی ئەو هاووڵاتییە کوردە بەناوی عەبدوڵڵا ئیسماعیلی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە بانگهێشت کراوە و هەواڵی دەستبەسەر کرانی کوڕەکەیان پێ راگەیاندووە.

باوکی رەحمان ئیسماعیلی رایگەیاندووە: لە رۆژی ٢٩ی خەزەڵوەرەوە کە دەستبەسەر کراوە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێکم لەمەڕ چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەر کرانی کوڕەکەم پێرانەگەیەنراوە.

\"9916.jpg\"
رەحمان ئیسماعیلی
باوکی ئەو هاووڵاتییە کوردە ئاماژەی بەوەش داوە: کە کوڕەکەیان بەبێ ئاگادار کردنەوە یان بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیدارەی ئیتلاعات، دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە سەرتای پاییزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣٣ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆکاری جۆراجۆر لەلایەن هێز ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو کراوەتەوە و دەکرێ رێژەی راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.