هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی تەرگەوەڕ دەسبەسەر کرا

13:43 - 19 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپڕسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"شاهین گەلەدار\" خەڵکی گوندی \"حەکی\" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپا، ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە هەوڵی دەسبەسەر کردنی چەند هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندەدا بوون، بەڵام لە دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییان سەرکەوتوو نەبوون.

شاهین گەلەداری، پاش لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" زانیووە.