هاووڵاتییەکی کورد لە مەریوان بەهۆی لێدانی هێزە ئینتزامییەکانەوە گیانی لەدەست دا

12:45 - 26 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان بەناوی \"عیسا غوڵام وەیسی\" بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هێزە ئینتزامییەکانی \"کەڵانتەری ١١\"ی مەریوان دراوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە لە لێدوانێکدا وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، راگەیاند: کە ماوەیەک پێش ئێستا لە شاری مەریوان هاووڵاتییەک بە ماشێن لە \"عیسا\"ی داوە و برینداری کردبوو کە پاش ئەم رووداوە، مەئموورانی کەڵانتەریی ١١ گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە و دەستبەجێ شۆفیری ماشێنەکەیان ئازاد کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم کارەی هێزە ئینتزامییەکان ناڕەزایەتیی \"عیسا غولام وەیسی\" لێکەوتبۆوە کە بەو هۆیەوە بە توندترین شێوە لەلایەن ئەو هێزانەوە درابووە بەر لێدان و ئەشکەنجە و تووشی خوێن‌ڕێژی نێو زگ هاتبوو و یەکێکیش لە لاقەکانی شکێندرابوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە دواتر مەئموورانی \"کەلانتەریی ١١\" لەبری چارەسەریی برینەکانی و راگواستنی عیسا بۆ نەخۆشخانە، لە کۆڵانێکی نزیک بە ماڵی خۆیان بە بێهۆشی فڕێیان دابوو کە پاش چەند کاتژمێر بە هۆی خوێن‌ڕێژیی لەڕادەبەدەر گیانی لەدەست دابوو.

عیسا غولام وەیسی تەمەن ٢٥ ساڵ لە گوندی \"بێساران\"ی ناوچەی ژاوەرۆ لە دایک بووە، کە رێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ئەمساڵ بەدەستی مەئموورانی کەڵانتەریی ١١ گیانی لێ ئەستێندرا.

لەو ماوەیەدا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەمەڕ هۆکاری کوژرانی رۆڵەکەیان، لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە و بەردەوام بەرەوڕووی بێ حورمەتیی هەڕەشەی کەڵانتەریی ١١ی مەریوان بوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە ئینتزامییەکانی بەخشی \"باینگان\"ی سەربە شاری پاوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"کانی سالار\"یان بەناوی \"عەبدولقادر ئەشدەری\" بەگومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ دەستبەسەر و پاش چەند کاتژمێر ئازار و ئەزیەت کردن ئازادیان کردبوو کە دواتر لە رێگەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، بەهۆی تاریکی هەوا و ئێش و ئازارەوە رێگەی لێ هەڵە ببوو و لە نزیک گوندی \"کانی سالار\" کەوتبووە ناو ئاوی یەکێک لە چۆمەکانی ئەو ناوچە و لە ئەنجامدا خنکابوو.