هاووڵاتییەکی کورد لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا

20:37 - 5 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی ناوچەی هەورامان سەر بە شاری سەوڵاوا، لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"حشمەت ئادمن\"تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گوندی \"ئەسپەڕێز\" سەر بە \"دێهستانی \"پیرشالیار\"ی شاری سەوڵاوا، لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سەر بە هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شوێنی کارەکەی لە ناوەندی خەدەماتی کامپیوتێری شاری کانی‌دینار سەر بەبەخشی ناوەندی شاری مەریوان دەسبەسەر کرا.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە و پاش دەسبەسەر کردنی، بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئادەمن بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان هەتا ئێستا بی‌ئاکام بووە.