هاووڵاتییەکی کورد لە شارێکی باشووری ئێران ئیعدام کرا

15:05 - 26 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی زیندانییەکی لەسێدارەدراو ڕەتی دەکەنەوە کە کوڕەکەیان بە ماددەی هۆشبەرەوە تێوەگلا بێ.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی سەرماوەز هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٣٩ ساڵ لە گرتووخانەی ناوەندی شاری بەندەر عەباس لەسێدارە درا.

ناسنامەی ئەو کەسە؛ بێهزاد سەلیم کورد کوڕی عوسمان ڕاگەیەندراوە.

ئەو زیندانییەی خەڵکی نەغەدە چوار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کە بۆ کرێکاری چووبووە بەندەرعەباس، لەو شارەدا بە \"ڕاگرتن و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر\" تۆمەتبار کرابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە و لەزاری یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕایگەیاند: بێهزاد پێش لە ئیعدامکرانیشی دەیگوت کە ماددەکان هی ئەو نەبوون، بێهزادیان بەدبەخت کرد، ئەو تەنانەت جگەرەیشی نەدەکێشا بەڵام هەر مەحکوومیان کرد و لەسێدارەیشیان دا.\"
مەودای نێوان نەغەدە ــ بەندەرعەباس زیاتر لە ١٩٠٠ کیلۆمەترە.

ئەمە چوارەمین هاووڵاتیی کوردە کە لەمانگی سەرماوەزدا لە گرتووخانەکانی ئێران لە سێدارە دەدرێت.

حکوومەتی ئێران لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ئیعدامەکان و دواجار هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی کەسانی تۆمەتبار بە ماددەی هۆشبەر لەژێر فشاردایە.

لەئێستادا زیاتر لە ٥ هەزار کەس لە گرتووخانەکانی ئێران چاوەڕێی جێبەجێکرانی سزای سێدارە دەکەن.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٢٠١٥) لە نێوان ٩٦٦ هەتا ١٠٥٤ حاڵەتی ئێعدام لە ئێران ڕوویداوە، کە ئەو ڕێژەیە بەرزترین ڕێژەی ئێعدام لە ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا پیشان دەدات.

لینکی په‌یوه‌ندیدار:
هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز ئێعدام کرا
کوردستان/ دوو هاووڵاتیی کورد ئێعدام کران