هاووڵاتییەکی کورد لە شاری کامیاران لەلایەن ئەندامانی سپای پاسدارانەوە ئازار و ئەشکەنجە درا

20:54 - 28 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە شاری کامیاران ئازار و ئەشکنجەی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری کامیاران لەلایەن ئەندامانی سپای پاسدارانەوە تووشی ئازار و ئەشکنجە بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە\"حەسەن عەزیزیان\" کوری حاجی ئەحمەد خەڵکی گوندی \"زێویە\" و دانیشتووی شاری کامیاران ڕاگەیاندووە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند:\"دوو کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران پاش تەقەی هەوایی بە سەر حەسەن عەزیزیان دەستیان کردووە بە لێدان و بێ ڕێزی کردن بەو هاووڵاتییە کوردە\".

ئەو سەرچاوەیە، شوناسی ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسدارانی بە\"ڕ.ن\" و \"ن.ک\" ڕاگەیاند و گوتی\"ئەو ڕووداوە لە شەقامی دوکتور قاسملوو شاری کامیاران ڕوویداوە.

دەوترێ، حەسەن عەزیزیان، ئەندامی پێشووی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوو و ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسداران، ناوبراویان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کردووە.

بەپێی یاسای سزای ئیسلامی \"هەرکەسێک لە بەرپرسان و مەئموورانی سەر بە ناوەند و دەزگاکانی حکوومەتی کە ئازادی تاکەکەسی خەڵکی ئاسایی بخاتە مەترسییەوە، سەرەڕای لابردنی لە کار و بێبەش کردنی یەک هەتا پێنج ساڵ لە کار کردن لە دام ودەزگاکانی حکوومەتی، بە دوو مانگ هەتا سێ ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێت بەڵام بەپێی ئەزموونەکان هاووڵاتییان کە لەلایەن مەئموورانی ناوەندە حکوومەتییەکانەوە تووشی ئازار و ئەشکەنجە دەبن، بەهۆی گوشار و هەڕەشەی مەئمووران هەوڵ بۆ تۆمار کردنی سکاڵا نادەن و هەتا ئێستا ئەو یاسایە لە پەیوەندیی لەگەڵ لێپرسینەوەی مەئموورانی ناوەندە حکوومەتییەکان بەڕێوەنەچووە.