هاووڵاتییەکی کورد لە شاری کامیاران دەسبەسەر کرا

17:01 - 19 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی \"جەماڵ گودەرزی\"، ناسراو بە \"سەرکەوت\"، خەڵکی گوندی \"چرۆسانە\"ی شاری کامیاران، دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، ‌هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی چرۆسانەدا، بەڵام لە دەسبەسەرکردنی سەرکەوتوو نەبوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان دواتر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دایکی ناوبراو لە شاری کامیاران و ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە\".

ئەم سەرچاوەی کوردەپا هەروەها زیادی کرد: ‌\"هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە و هەندێک کەرەستەی کەسیی جەماڵیان لەگەڵ خۆیان بردووە\".

\"جەماڵ گودەرزی\" خێزاندارە و بەدواداچوونەوەکانی بنەماڵەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنی، هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.