هاووڵاتییەکی کورد لە شاری مەریوان بێ‌سەروشوێنە

15:46 - 11 گەلاوێژ 2716

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییەکی کوردیان لە شاری مەریوان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەلی دلاوەری\" ناسراو بە \"سەیلان\" کوڕی \"محەممەد\" خەڵکی گوندی \"دەل\" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا، ڕۆژی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٥ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستەبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.

\"\"عەلی دلاوەری تەمەن ٢٩ ساڵ و خێزاندارە. ناوبراو لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی دەل لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە خزمەکانی ناوبراو لە پێوەندییەکی تەلەفوونی‌دا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند کە: \"ماوەی مانگێکە عەلی دلاوەری دەستبەسەر کراوە و دوای دەستبەسەرکردنی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازاوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران هیچ وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە\".

لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییانە لە کوردستانی ئێران، دەزگا و ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران بە شێوەیەکی بەرین دەستیان بە دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی کورد کردووە.

بەم پێیە ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە ،گەیشتۆتە ٤٠ کەس.