هاووڵاتییەکی کورد لە شاری شنۆ دەسبەسەر کرا

15:42 - 25 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مووسا مەحموودی\"، تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گوندەوێڵە\"ی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

نێوەڕاستی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، هێزە ئیتلاعاتییەکان، چوار هاووڵاتیی کوردیان، بە ناوەکانی \"کامیل ئەحمەدی\"، خەڵکی گوندی \"حەسەن‌نووران\"، \"مەقدیر مەحموودزادە\"، خەڵکی گوندی \"سینگان\"، \"ئەبووبەکر میناپاک\"، خەڵکی گوندی \"سەوجە\" و \"تەیب بامرۆوەت\"، خەڵکی گوندی \"سینگان\" دەسبەسەر کرد.