هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سەڵماس لە سێدارە درا

15:30 - 10 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بە ئێعدام‌کردنی زیندانییەک لە شاری سەڵماس ژمارەی ئێعدام کراوەکان گەیشتە سێ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سەڵماس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردیان بەڕێوە برد.

تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە \"کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر\" ڕاگەیەنراوە.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، ناسنامەی ئەو هاووڵاتییەی \"سامی مامدی\" ڕاگەیاندووە.

سامی مامەدی خەڵکی گوندی\"قەزڵ کەند\" سەر بە بەخشی کوهساری شاری سەڵماس بووە و هەروەها ماوەی ٧ ساڵ لە زینداندا بووە.

سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بەرپرسانی زیندانی شاری سەڵماس دوو هاووڵاتیی دیکەی کوردیان بە ناوەکانی بەختیار خالیدی و شۆڕش میرزاپووریان لە سێدارە دا.

ئەحمەد شەهید ڕێپۆڕتێڕی تایبەتی مافی مڕۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئێران، لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەتی لە ڕەوتی ئێعدامەکان، بە توندی ڕەخنەی لەو وڵاتە گرت.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوو(٢٠١٥) لە نێوان ٩٦٦ هەتا ١٠٥٤ حاڵەتی ئێعدام لە ئێران ڕوویداوە، کە ئەو ڕێژەیە بەرزترین ڕیژەی ئێعدام لە ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێشان دەدات.