هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سەقز حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە

14:57 - 27 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش ماوەیەکی دوور و درێژ لە گیران و لێپرسینەوەی هاووڵاتییەکی شاری سەقز، دادگای ئینقلابی ئەم شارە حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕاندەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ئەوەیکە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و لیباس شەخسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا، لە دادگای ئینقلابی ئەم شارە حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

شوناسی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە \"کامیل شەریف زادە\" کوڕی \"خەلیل\" ڕاگەیەندراوە.

\"\"بەپێی حوکمی ئاماژەپێکراو کە وێنەیەکی بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو بریتییە لە \"ئەندامەتی لە لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی\" و \"ئەنجامدانی پڕوپاگەندە لە دژی نیزام و لە بەرژەوەندی لایەنە دژبەرەکانی نیزام\".

هەندێک سەرچاوەی نافەرمی بە ئاژانسی کوردپایان ڕاگەیاندووە کە؛ ئەم هاووڵاتییە کوردە لەماوەی دەستبەسەرکرانی لە گرتووخانەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، لەباری جەستەیی و ڕۆحییەوە خرابووە ژێر گوشار و لە ئەنجامی ئەم گوشارانەشدا تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی قبوڵ کردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە ٢٢٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیی_ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە چارەنووسی نیوەی ئەو دەستبەسەرکراوانە بە ناڕوونی ماوەتەوە.