هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە دەستبەسەر کرا

14:41 - 6 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران 1ڕۆژ پاش ئازادکردن، هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی \"بێهنام پەناهی\" دووبارە دەستبەسەر کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بێهنام پەناهی کوڕی حسەین تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، پاش ئەوەیکە رێکەوتی ٣٠ گەلاوێژ ئازاد کرابوو، ڕۆژێک دواتر و لە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ بۆ جاری دووهەم لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرا و تا ئێستا چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ناوبراو ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ لە ماڵی باوکیدا بە تۆمەتی بەزاندنی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاش گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانی باشور دەستبەسەر کرا و دوای ئازار و ئەشکەنجە لە ئیدارەی ئیتلاعات ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ ئازاد کرا بەڵام ڕۆژێک دواتر دیسانەوە دەستبەسەر کرا.

تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیران و دۆخی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی کەسانی نیزیک لە بنەماڵەی پەناهی، جەستەی ئەم لاوە کوردە ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە دیار بووە و لەباری ڕۆحییەوە لە دۆخێکی ناجێگیردا بووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراوە لە ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا ١٥ هاووڵاتیی کورد، لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، مەریوان، سنە، ورمێ، پاوە، سەردەشت، شنۆ و بانە لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتی هێزەکانی ئیتلاعات و سپای پاسدرانەوە دەستبەسەر کراون.