هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

14:44 - 15 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئازاد رۆستەمی\" خەڵکی گوندی\"تەوریوەر\" سەر بە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەی ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"بێورانی خواروو\"، لە شاری سەردەشتیان دەسبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوەی، بە ناوی \"ڕشید ئازەری\" کوڕی ئەحمەد، تەمەنی ٤٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی ٣ منداڵ ڕاگەیاندووە.