هاووڵاتییەکی کورد لە شاری دێولان دەسبەسەر کرا

14:17 - 9 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گەورە دیی قوریچیای شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری دێولان هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئەحمەد ئەمین‌پەنا\" و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەحمەد ئەمین‌پەنا، پێشتر بە تۆمەتی\"بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز و پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە پێنج ساڵ زیندانیی حوکم درابوو کە بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەری هەیە دەسبەسەر کرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی پێنج ساڵ زیندانی بە سەرداسەپاوی ناوبراو بووبێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، یەکێکە لە نزیکانی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی لە شاری دێولان، کە چەندین کەس لەو بنەماڵەیە هەنووکە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران، زیندانی و حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپاوە.