هاووڵاتییەکی کورد لە سۆمای برادۆست دەسبەسەر کرا

16:20 - 22 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆست سەر بە پارێزگای ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پیش، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مێهران مەعنەوی" کوڕی عەبدوڵلا خەڵکی گوندی "گەنگەچین"ی سۆمای برادۆست لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەسدا، نییە.